پیاوماقوڵانی هۆزەکانی مەنبیج سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیا دەکەن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان
مەنبیج – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، پیاوماقوڵانی هۆزەکانی مەنبیج، هێرشەکانی تورکیایان بۆ سەر رۆژئاڤا سەرکۆنە کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئامانجیان ناسەقامگیری و کاریگەرییە لەسەر ژیانی دانیشتووانەکەی.
ئەمەش لە راگەێنراوێکدا هات، کە لەلایەن کەسایەتییە دیارەکان و سەرۆکهۆزەکانەوە لە مەنبیج پێشکەشکرا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بۆردومانێکی تورکیا کە نزیکەی 50 پێگەی رۆژئاوای کوردستانی کردووەتە ئامانج، کە زۆربەیان دامەزراوەی ژیانی و خزمەتگوزاری بوون.
فاروق ئەلماشی، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی هۆزی ئەلبوبنە، بە نۆرس پرێسی رایگەیاند، بەئامانجگرتنی ژێرخانی وڵات کاردانەوەی نەرێنی لەسەر ژیانی 5 ملیۆن کەس هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکەی تورکیا ئاسایش و سەقامگیری تێکدەدات، هەروەها رێکخراوە رادیکاڵەکان بەتایبەت “داعش” زیندوو دەکاتەوە.
هاوکات محمد سدیق ئەسیدی، گوتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی پیرانی مەنبیج رایگەیاند، بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا ئامانجیان بەتاڵکردنەوەی ناوچەکەیە لە دانیشتوانی رەسەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ گۆڕانکاری دیمۆگرافی.
ئاماژەیان بەوەشکرد، تورکیا لە چەند رێگایەکەوە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری کردە ئامانج، لەوانە دەستبەسەرداگرتنی ئاوی رووباری فورات، هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی شەڕی خێڵەکان، هەروەها بۆردومانی چەندین جارەی ناوچە ئارامەکان.
لای خۆیەوە فەهد ئەلشەلاش، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی خێڵی بەنی سەعید رایگەیاند، ئەوەی تورکیا پراکتیزەی دەکات “تاوانی جەنگ”ە و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە.
داواشیان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و فیدراسیۆنی رووسیا کرد، کە ئەرکەکانیان بەرامبەر بەڕێوبەریی خۆسەریی جێبەجێ بکەن و بەرامبەر تورکیا بوەستنەوە بۆ ئەوەی پێشێلکاریی بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل ئەنجام نەدات.