بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە هەولێر

هەولێر – نۆرس پرێس

درۆنێک کە ئاراستەی فڕۆکەخانەی هەولێر کرابوو لە باکوورى فڕۆکەخانەى هەولێر کەوتە خوارەوە و میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” کە گروپێکی چەکداری سەر بە ئێرانە، بەرپرسیارێتى خۆی لەو ھێرشە راگەیاند و دەڵێت، “بەردەوام دەبین لە هێرشەکان”.

بە گوێرەی ئاژانسە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، درۆنەکە لە نزیک گوندی ئاشۆکان، لە باکووری فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتووەتە خوارەوە.

 ئاژانسەکان رایانگەیاند کە “درۆنەکە بەرەو فڕۆکەخانەی هەولێر ئاراستە کراوە، بەڵام بەرلەوەی بگاتە ئامانجەکەی کەوتووەتە خوارەوە.”

لە 17ى تشرینى یەکەمى 2023ـەوە، ئەمە 23یەمین هێرشە کرابێتە سەر هەردوو فڕۆکەخانەى هەریر و هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە گرووپى مقاوەمە بەرپرسیارێتى خۆى لە ئەنجامدانى راگەیاندبێت.