ئاسایشی رۆژئاڤا: بۆردوومانی تورکیا بۆ سەر پێگە ئەمنییەکانی رۆژئاڤا هەڕەشەیە بۆ گەڕانەوەی داعش
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا)، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بۆردومانەکەی تورکیا کە 11 خاڵی ئەمنی لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج، هەڕەشەیە بۆ گەڕانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”.
بۆ ماوەی چوار رۆژە تورکیا بۆردوومانی ناوچەکانی رۆژئاوای پەرەپێداوە و هێرشەکانی کاریگەرییان لەسەر دامەزراوە گرنگ و خزمەتگوزارییەکان هەبوو و دەیان قوربانی لێکەوتووەتەوە.
ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا 4 لە خاڵەکانی پشکنینی ئاسایشی لە قامشلۆ و 6 خاڵ لە کۆبانی و یەکێک لە بازگەکانی لە عامودێ کردووەتە ئامانج، هەروەها بەهۆی بەئامانجگرتنەکەشەوە 3 لە ئەندامەکانیشی برینداربوون.
راشیانگەیاند، کە بەئامانجگرتنی ئەندامانیان و بازگەکانیان رێگا بۆ گەڕانەوەی داعش بۆ بڵاوکردنەوەی پشێوی و کوشتار لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.
عەلی حەسەن، گوتەبێژی فەرمیی ئاسایش رایگەیاند، بەئامانجگرتنی خاڵە ئەمنییەکانی ناو شار و گەڕەکەکان بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی تیرۆر و ترس و دڵەڕاوکێیە لە نێو دانیشتواندا، هەروەها دروستکردنی بۆشایی ئەمنییە، هاوکات لەگەڵ جەژنی کریسمسدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاری “ئاساییش” بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی ناوخۆیە، گوتیشیان “ئێمە مەترسی لەسەر تورکیا دروست ناکەین”، جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی کارکردن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.