پارتی سووریای ئایندە: بۆردوومانەکانی تورکیا بژێوی هاووڵاتیانی رۆژئاڤا دەکەنە ئامانج

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی پارتی سووریای ئایندە، عەبدولحەمید ئەلمەهباش رایگەیاند، بۆردومانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بژێوی دانیشتوانەکەی دەکاتە ئامانج و ئاوارەیان دەکات لە ناوچەکە.

کاتێکی پێشتری ئەمڕۆش، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بۆردومانەکە هەڕەشە لە گەڕانەوەی داعش دەکات.

ئەلمەهباش لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەئامانجگرتنە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان شەرمەزار دەکرێت، هەروەها هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تێکدەدات.

ئەو بەرپرسە سیاسییە ئەوەشی خستەڕوو کە ناوچەکە زیاتر لە هەشت هەزار دیلی داعشی تێدایە، هەربۆیە بۆردومانەکەی تورکیا هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری جیهان دەکات لەو زیندانانەدا، لە ئەگەری کەوتنەوەی پشێوی ئەمنی و هەڵاتن.

مەهباش باسی لەوەشکرد، سەرۆک کۆماری تورکیا هەوڵی هەناردەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی دەدات بۆ دەرەوەی وڵات بەهۆی بێتوانایی لە چارەسەرکردنیاندا، داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و فیدراسیۆنی رووسیا کرد، ئەم هێرشانە رابگرن.

ئامادەکردنی: زانا ئەلعەلی – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان