توێژەرێکی ئەمریکی: پێویستە ئیدارەی بایدن داوا لە تورکیا بکات لە گەڵ بەڕیوبەریی خۆسەریی دانوستان بکات
واشنتن – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، توێژەرێکی ئەمریکی رایگەیاند، پێویستە ئیدارەی جۆ بایدن، داوا لە تورکیا بکات دانوستان لەگەڵ بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان بکات و ئەو دۆخی دوژمنایەتییە رابگرێت.
تورکیا بە بیانووی جیاواز دژایەتی بەڕێوبەریی خۆسەریی دەکات، بەڵام خۆسەریی ئەو بیانوانە رەتدەکاتەوە و هەرچەندە فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا دەربڕی، بەڵام تورکیا بە بۆردومانکردنی رۆژئاڤا وەڵامی دەداتەوە، کە لە ئەنجامدا زیانەکانی ژێرخانی زۆر و سەدان قوربانی لێکەوتووەتەوە.
ئۆزای بولوت، توێژەر لە ناوەندی “فیلۆس پرۆجێکت”ی ئەمریکی بە نۆرس پرێسی وت: “پێویستە ئیدارەی بایدن تورکیا رازی بکات بۆ دانوستان لەگەڵ بەڕێوبەریی خۆسەریی و راگرتنی دەستدرێژییە سەربازییەکانیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بە رێزگرتن و دانپێدانانی یەکتر لە نێوان (تورک و کورد)دا چارەسەر دەکرێت.
بولوت ئاماژەی بە قەیرانێکی ناوخۆیی تورکیا کرد و گوتی: “تورکیا لە ئێستادا لە شەڕدایە یان هەڕەشەی شەڕ دەکات، بەنزیکەیی لە هەموو دراوسێکانی، بەو پێیەی بەردەوام کورد لە عێراق و سووریا بۆردومان دەکات”.
بە گوتەی بولوت، لە ساڵی 2020 تا 2023 یارمەتی ئازەربایجانی دا لە جێبەجێکردنی جینۆساید دژ بە ئەرمەنییەکان لە باشووری قەفقاز، هەروەها هەڕەشەی داگیرکردنی دوورگەکانی یۆنانی لە دەریای ئیجەدا کرد، بەو پێیەی حکومەت بە درۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو دوورگانە هی تورکیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتەکەی ئەردۆغان لە یۆریا و عێراق پاڵپشتی داعشی کردووە، “پاڵپشتی حکومەتی تورکیا بۆ داعش بە باشی بەڵگەی لەسەرە”.
توێژەرەکە هۆکاری دەستدرێژی سەربازی تورکیای بۆ “وەسوەسە”ی تورکیا بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی گەڕاندووەتەوە، هەروەها تێڕوانینێکی ناسیۆنالیستی توندڕەوانەی تورکیا، کە ئەوانەی تورک نین بە کەمتر دەبینتێت و ئەمەش هەزاران قوربانی لێکەوتووەتەوە.
بولوت وتی: “پێویستە تورکیا دەستبەرداری ئەم عەقڵیەتە رەگەزپەرستییانە بێت کە داوای شەڕ دەکات” و گوتیشی، هێرشەکان بۆ سەر بەڕێوبەری خۆسەریی و”هەسەدە” تەنها دەبێتە هۆی بەهێزکردنی رێکخراوە توندڕەوەکان و زیندووکردنەوەی داعش.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە تورکیا نزیکەی 50 شوێنی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کردووە، لەوانە دەوروبەری زیندانی عەلایە، کە ئەندامانی داعشی تێدایە، بۆردومانەکەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان هاووڵاتی سڤیل.
لە لایەکی دیکەوە، نادین ماینزا، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئازادی ئایینی ئەمریکا، گوتی: سەرم سوڕما کە تورکیا لە ڕۆژی لەدایکبوونی پیرۆزدا و لە ژێر رۆشنایی بێدەنگی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دامەزراوە مەدەنییەکانی رۆژئاڤای کردە ئامانج”.
بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە “تورکیا دەتوانێت وا خۆی پیشان بدات کە ‘شەڕی پەکەکە’ دەکات، بەڵام ڕاستییەکان پێچەوانەکەی دەسەلمێنن، چونکە خەڵکی مەدەنییان کردە ئامانج، ئەمەش تاوانی جەنگە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “بێگومان ناتوانین ئەو راستییە پشتگوێ بخەین کە لە جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسادا ناوچەکانی سووریا و ناوچە ئاشوورییەکانیان بۆردومانکردووە”.
ئەو ئەستۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگێڕێتەوە و دەڵێ، “ئەردۆغان دەتوانێت هێرشەکان ئەنجام بدات، چونکە کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بە باشی دەزانێت”.
ناوبراو هۆشداریدا لە بێدەنگی سەبارەت بە کردەوەکانی تورکیا، پێیوابوو کاردانەوە و لێبوردەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە سزا نەدانی تورکیا ورەی پێدەبەخشێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، هەروەها بەردەوامی بێدەنگی “بۆشایی لە حوکمڕانی و ئاسایشدا دروست دەکات کە بە ئیسلامییەکان و میلیشیا ئێرانییەکان پڕدەکرێنەوە”.
ماینزا هیوای خواست ئەمریکا لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان بوەستێت و ئیرادەیەکی راستەقینە بۆ رێگریکردن لە تورکیا لە رووی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە پیشان بدات.