جارێكی دیكە هێرش دەكرێتە سەر بارەگاكانی (هەسەدە) لە دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ شەو، چەکدارانی نەناسراو بۆ دووەم ڕۆژی لەسەر یەک هێرشیان کردە سەر خاڵەکانی پشکنین و بارەگاکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

دێرەزۆر رووبەڕووی گرژی ئەمنی زۆر بوونەتەوە، ئەم هێرشانەش  هاوکات بوون لەگەڵ هێرشی چەند رۆژی رابردووی هێزەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و بۆردومانی بنکەكانی ئەمەریکا لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێرانەوە.

سەرچاوەیەكی سەربازی لە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە دێرەزوور رایگەیاند چەكدارانی نەناسراو هێرشیان كردووەتەسەر بارەگایەكی هەسەدە لە گەرەكی گەرانیج، لە ئەنجامدا پێكدادانی توند روویداوە و دوو دوو ئەندامیان برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گروپێک چەکداری دیکە هێرشیان کردووتەسەر بارەگایەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەی تەیانە لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبكەوێتەوە.

هەروەها لە شارۆچکەی سوسە لە ڕۆژهەڵاتی گوندەواری دێرەزوور، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کەناری فورات، بەڵام چەکدارەکان ناچار بە پاشەكشە كران.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان