گوندەواری حەلەب – نۆرس پرێس
دوێنێ، کەسانی نەناسراو کچێکیان بە ناوی کەوسەر ئەحمەد (16 ساڵ) لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەکەی خۆی لە شاری ئەعزاز لە باکووری شاری حەلەب ڕفاند، ئەم ڕووداوەی ڕفاندنە سێیەم ڕووداوە لەم هەفتەیەدا تۆماركرابێت، لەو ناوچانەی کە لەلایەن میلیشیاكانی نزیك لە ئەنقەرە کۆنتڕۆڵکراون.
سەرچاوەیەكی کارگێڕی لە گروپی شورتەی مەدەنی لە شاری ئەعەزاز بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، بنەماڵەی ئەو کچە تەمەن 16 ساڵە لایەنی پەیوەندیداریان ئاگاداركردووەتەوە لە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی كچەكەیان بەبێ ئەوەی بزانن رفێنەرەكان كێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکشەممەی ڕابردووش ژنێكی گەنج بەناوی بیسان قەدور (18 ساڵ) لە گوندی کفر کەلبین لە باشووری ئەعزاز لە نزیک ماڵی خێزانەکەی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ڕفێندرا، بەبێ ئەوەی ئەو دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بتوانن ڕفێنەرەکان بدۆزنەوە.
هەروەها سەرچاوەیەكی کارگێڕی لە ئەمنی گشتیگروپی جەیش وەتەنیی دڵسۆز بۆ تورکیا لە شاری ئەلباب ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو رفاندنی كچێكی تەمەن 13 ساڵ بەناوی هەدیل باکیر تۆمارکراوە، کە كچە ئاوارەیەكی خەڵکی دیمەشق بووە، لە کاتێکدا بەرەو ماڵی هاوڕێکەی دەڕۆیشت و رفێندراوە و تا ئێستا بێسەرو شوێنە.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستا هۆکاری ڕفاندنەکە نادیارە، بەتایبەتی کە ڕفێنەرەکان پەیوەندییان بە کەسوکاری ئەو کچانە نەکردووە کە ڕفێندراون، جگە لە وتەی شایەتحاڵەکان کە باس لەوە دەکەن ڕفێنەرەکان چەکدار بوون.