تورکیا پێنج ناوچەی لە کۆبانێ و گوندەوارەکەی بۆردوومان کردووە

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، چەند شوێنێکی شاری کۆبانی و رۆژئاوای کوردستان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردومان کران.

لە ئێوارەی رۆژی شەممەوە، تورکیا دەیان هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر شوێن و دامەزراوە گرنگ و خزمەتگوزارییەکان لە شار و ناوچەکانی رۆژئاڤا دەستپێکردووە، بەو هۆیەوە زۆربەی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان لە خزمەت دەرچوون و بە دەیان هاووڵاتی سڤیل گیانیانلەدەستدا و چەندین برینداری لێکەوتووەتەوە.

پەیامنێری نۆرس پرێس لە زاری سەرچاوە خۆجێییەکانەوە رایگەیاندووە، “بۆردومانی تورکیا دارستانی کۆبانێی لە رۆژئاوای شارەکە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی رۆژهەڵاتی ئەو شارەی کردووەتە ئامانج”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکەی تورکیا ناوچەیەکی لە باشووری شاری کۆبانێش کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئاگر کەوتووەتەوە.

روونیشیکردەوە، ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی گوندی حلنج (4 کم لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ) کراوەتە ئامانج، هەروەها شوێنێکی نزیک بە گوندی دێهابان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی شارەکەش بۆردوومان کراوە.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی:سەعد ئەلیازچی