تورکیا چەندین ناوچە لە قامشلۆ و گوندەوارەکەی دەکاتە ئامانج
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک، چەندین ناوچەی شاری قامشلۆ و گوندەوارەکەی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد.
لە ئێوارەی رۆژی شەممەوە، تورکیا دەیان هێرشی بۆ سەر شوێن و دامەزراوە گرنگ و خزمەتگوزارییەکانی شاری قامشلۆ و گوندەوارەکەی دەستپێکردووە، بەو هۆیەوە زۆربەی دەزگا خزمەتگوزارییەکان لە خزمەت دەرچوون و بە دەیان هاووڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون.
پەیامنێری نۆرس پرێس رایگەیاند، “بۆردومانی درۆنێکی تورکیا سایلۆکانی گوندی تویبەی سەر بە شارۆچکەی رمەیلانی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی قامشلۆی کردووەتە ئامانج”.
ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی تورکیا کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ساوەریان کردووەتە ئامانج، کە لە بەرامبەر گوندی کەرباوی له گوندەواری رۆژئاوای شارەکە هەڵکەوتووە، هەروەها بۆردومانەکەی تورکیا گەڕەکی عەلایە و ئەلنیعمەتلیشی گرتووەتەوە.
تا ئێستا زیانەکان تەنها لە ماڵیدا سنووردار بوون و نۆرس پرێس نەیتوانیوە بوونی زیانە گیانییەکان پشتڕاست بکاتەوە.