
گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی منداڵێک بەهۆی بۆردوومانێکی مووشەکیەوە لە گوندەواری حەسەکە
حەسەکە – نۆرس پرێس
بەهۆی بۆردوومانێکی مووشەکییەوە بۆ سەر سێ شوێن لە شارۆچکەی شەدادی لە گوندەواری باشووری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، کەسێک گیانی لەدەستدا و منداڵێکیش بە سەختی بریندار بوو.
ماوەی سێ رۆژە ئەو ناوچەیە رووبەڕووی بۆردومانی توندی تورکیا بووەتەوە، پێشتریش هەمان شارۆچکە لەلایەن گروپە لایەنگرەکانی ئێرانەوە بە مووشەک بۆردومان کرابوون، کە دەوروبەری بنکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان لەوێ کردبووە ئامانج، لەکاتێکدا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە نوێیانە نەگرتووەتە ئەستۆ.
سەرچاوەیەکی پزیشکی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، موشەکەکان لە ناو ماڵە سڤیلەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە لە سێ شوێنی شارۆچکەی شەدادی و بەهۆیەوە پیاوێک گیانی لەدەستداوە، هەروەها منداڵێک برینداربووە، کە لەلایەن مانگی سووری کوردییەوە بۆ چارەسەر گواستراوەتە بۆ نەخۆشخانەیەک لە حەسەکە.