کریستیانەکانی تلتەمر لە سەر هێڵی بەرکەوتن و لە ژێر ئاگربارانی تورکیادا ئاهەنگەکانی لەدایکبوون دەگێڕن

تلتەمر – نۆرس پرێس

شەوی دووشەممەی رابردوو، کریستیانەکانی شارۆچکەی تلتەمر، لەسەر هێڵی بەرکەوتن لەگەڵ میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری تورکیا لە باکووری حەسەکە، لە میانی بۆنەیەکدا کە لەلایەن پارتی دیموکراتی ئاشوورییەوە لە هۆڵی کڵێسای مەریەمی عەزرا، کە لە ناوەندی شارۆچکەکەدایە بەڕێوەچوو، جەژنی کریسمسیان گێڕا.

ئەمساڵ کریستیانەکانی رۆژئاوای کوردستان لەژێر تۆپباران و بۆمبی تورکیادا ئاهەنگ دەگێڕن، کە بەر لە سێ رۆژ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە بۆ سەر ناوچە جیاکانی رۆژئاڤا دەستیانپێکردووە.

بۆردومانەکەی دوێنێ بووە هۆی گیانلەدەستدانی 10 کەس و برینداربوونی 25 کەسی دیکە و وێرانبوونی ماڵ و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان.

لە لێدوانێکی پێشوودا بۆ نۆرس پرێس، سەناحێریب بارسوم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی سریانی رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات، ئەمەش پێچەوانەی رەوتە نێودەوڵەتییەکانە بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست لە سووریا و رێگەخۆشکردن بۆ چارەسەرێکی سیاسی.

ئەندامێکی ئەنجومەنی گشتی پارتی دیموکراتی ئاشووری، شیمۆن کاکۆ، بە نۆرس پرێسی راگەیاند: “سەرەڕای دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا و ئەو دۆخە ئەمنییە ناهەموارە، سوورین لەسەر ئەنجامدانی ئاهەنگ و ئاهەنگگێڕان بۆ بۆنە نەتەوەیی و ئایینییەکانمان، وەک دووپاتکردنەوەی مانەوەمان و دامەزراندنی ناسنامەمان لەسەر ئەم خاکە”.

پێشتر نەزیرە کۆری، هاوسەرۆکی هەمان پارت، رایگەیاندبوو، پەرەسەندنە بەردەوامەکانی تورکیا هەڕەشە لە بوونی مەسیحییەکان لە سووریا دەکات.

بۆنەی جەژنی کریسمس نمایشی گۆرانی و سەمای فۆلکلۆری ئاشووری لەخۆگرتبوو، جگە لە دابەشکردنی دیاری بەسەر منداڵان و نمایشی کات بەسەربردن و هونەری پەیوەست بەم جەژنەوە.

ئامادەکردنی: سامر یاسین – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش