ئەنجومەنی سوریای دیموكرات داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات هێرشەکانی تورکیا بوەستێنێت

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ( مەسەدە) داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی تورکیا بهێنێت بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، هەروەها فشار بخاتە سەر توركیا بۆ ئەوەی ڕێز لە سەروەری سوریا و یاسا نێودەوڵەتییەكان بگرێت و پابەندی دراوسێیەتی باش بێت، هۆشداریشی دایە لایەنەكانی سوریا لە بەردەوامی دۆخی ناكۆكی و دابەشبوون، کە بووەتە هۆکارێک بۆ دەستێوەردانەکانی بیانی.

دوێنێ ، تورکیا بۆردومانەکانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان فراوانتر کرد و چەندین شوێن و دامەزراوەی گرنگ و خزمەتگوزاریی کردە ئامانج و بۆردومانەکانیش دەیان قوربانی لێکەوتەوە.

مەسەدە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستە تایبەتمەندەكانی، کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی تورکیا و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان بهێنن لەلایەن ئەو وڵاتەوە، داوای لە ئەمریکا و ڕووسیاش کرد کە ڕۆڵی خۆیان لە پاراستن و جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان بخەنەگەڕ .

هەروەها هۆشداری داوەتە لایەنەکانی سووریا لە بەردەوامیی دۆخی دووبەرەکی، کە بووەتە هۆکاری سەرەکی دەستێوەردانەکان، ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر گەلی سووریا و داهاتوویان دەبێت، لەمبارەیەوە داوای یەکگرتوویی هەڵوێستی سووریای کردووە.

راگەیەندراوەكەی مەسەدە جەختی لە گرنگی چارەسەری سیاسی لە سووریا و جێبەجێکردنی ئەو نەخشەڕێگایە کردووەتەوە کە لە چوارەمین کۆنفرانسی خۆیدا پێشکەشی کرد.

هەروەها مەسەدە سیاسەتی تۆقاندن و هەڕەشەکردن لە سەقامگیری و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، بە بیانووی “پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا” ئیدانە کرد.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان