هاوکات لەگەڵ بۆردومانەكانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، لە گوندەواری دێرەزوور هێرش دەكرێتەسەر هێزەكانی هەسەدە
دێرەزوور- نۆرس پرێس
هاوکات لەگەڵ بۆردومانەكانی تورکیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، چەکدارانی نەناسراو ، لە گوندەواری دێرەززوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات.
خاڵە سەربازییەکان و بارەگاکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە هێرشی دەکرێنە سەر، بە وتەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەو چەكدارانە لەلایەن هێزەکانی سوریاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.
سەرچاوەیەکی سەربازی “هەسەدە” لە دێرەزوور ڕایگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان ئۆتۆمبێلێکی سەربازی “هەسەدە”یان کردووەتە ئامانج لەسەر ڕێگای سەرەکی شارۆچکەی تەیانە لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر، لە ئەنجامدا ئەندامێكی هێزە سەربازییەکانیان بریندار بووە.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، خاڵەکانی هەسەدە لە کەنارەکانی فورات لە شارۆچکەکانی جەردی و ئەبو حەردوب و جەممە لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور هێرشیان کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا پێکدادانەکان روویداوە و چەکدارەکان ناچار بە پاشەكشە كراون.
هەر بە گوێرەی سەرچاوەكە لە ناحیەی سور، خاڵێکی پشکنینی هەسەدە هێرشی کراوەتە سەر و زیانی ماددی لێكەوتووەتەوە.