بۆردومانەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەیان كەسی كردووەتە قوربانی

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

دوێنێ ، بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی رۆژئاوای كوردستان بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی مەدەنی.

لە نێو ئەو شوێنانەی بە ئامانج گیرابوون کارگەیەکی ئۆکسجین لە قامشلۆ كە بە پاڵپشتی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، هەروەها بنکەی تەندروستی “مشتە نور” لە کۆبانێ کە لەلایەن پزیشکانی بێ سنوورەوە پاڵپشتی دەکرا بۆردومان كراون، ئەو بنكە تەندرووستییە لە کاتی دەرکردنی چەكدارانی تیرۆریستی داعش لە کۆبانێ، دامەزرا بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ دانیشتووان.

بەشی چاودێری و بەڵگەكردنی ئاژانسی نۆرس پرێس گیان لەدەستدانی 10 کەسی تۆماركردووە کە دوو ژنیان تێدایە جیا لە برینداربوونی 25 کەس کە حەوت ژن و دوو منداڵیان تێدایە.

هێرشەکانی تورکیا 33 شوێنیان کردە ئامانج کە 20 شوێنیان لە قامشلۆ، 4 شوێن لە عامودێ، 4 شوێن لە کۆبانێ، 1 شوێن لە تەربەسپی، 1 شوێن لە مەنبیج، 3 شوێن لە گوندەواری باکووری حەلەب بوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش