ئەمریکا هێرشی “تۆڵەسەندنەوە” دژی میلیشیاكانی لایەنگری ئێران ئەنجام دەدات
دیمەشق – نۆرس پرێس
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن میلیشیایەكی لایەنگری ئێرانەوە، هێرش كرایە سەر بنكەیەكیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بووە هۆی برینداربوونی سێ سەرباز، کە یەکێکیان برینەكەی سەختە. لەبەرامبەردا هێزەکانیان هێرشی “تۆڵەسەندنەوە”یان لە عێراق ئەنجامداوە.
پنتاگۆن لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هێرشانە لە وەڵامی زنجیرەیەک هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بوون بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکی لە عێراق و سوریا.
ئەوەش خراوەتەڕوو هێرشەکانی ئەمریکا سێ پێگەی کردووەتە ئامانج کە لەلایەن کەتائیب حزبوڵڵا و گروپە گرێدراوەکانی لە عێراق بەکاردەهێنران.
بەپێی زانیارییەكان ئەو بنكانەی حزبوڵڵا وێران كراون و كوژراویان هەبووە.
دوێنێ فڕۆکەخانەی هەولێر کە بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تیادایە، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشی کرایە سەر، وتەبێژی سوپای عێراقیش بە کردەوەیەکی تاوانکاری وەسفی کرد .
هەروەها دوێنێ گروپی بەناو “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانج گرتنی بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مەیدانی عومەر لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور لە سوریا لە ئەستۆ گرتبوو.