بە هۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە.. کڵێسایەک لە کۆبانێ ئاهەنگەکان هەڵدەوەشێنێتەوە
کۆبانێ – نۆرس پرێس
دوێنی دووشەممە، بە هۆی بەردەوامی بۆردوومانەکانی تورکیاوە لە تەواوی ناوچەکانی رۆژئاڤا و شاری کۆبانێ، کڵێسای (خانەی برایەتی) لە شاری کۆبانێ سەرجەم ئاهەنگەکانی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا “لەدایکبوونی پیرۆز”ی هەڵوەشاندەوە.
کڵێساکە لە راگەێنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: ” وەک دەربڕی رێز بۆ گیانی شەهیدان و بۆ سەلامەتی هاووڵاتیان، بڕیارماندا بە هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگەکانی لەدایکبوونی ئەمساڵ”.
لە هەمانکاتدا کڵێسای (خانەی برایەتی) لە کۆبانێ بۆردوومانەکانی تورکیای بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان شەرمەزار کرد و ئاماژەیان بەوەدا، کە “ئەو بۆردوومانانە هاووڵاتیانی سڤیل و بنکەکانی تەندرووستی دەکەنە ئامانج و هێرشی هەڕەمەکین لە سەر سنووەرەکان، بە تایبەتی لەم کاتە پیرۆزەدا، کە یادی جەژنەکانی لەدایکبوونی پیرۆز و سەری ساڵی زاینین”.
دەشڵێن: “ئەو هێرشانە کاریگەری خراپیان بۆ سەر ژیانی خەڵک هەیە و بوون بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لە دەروونی منداڵاندا”.
بە درێژایی دوێنێ چەندین پێگە لە شاری کۆبانێ و گوندەوارەکەی بەر بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کەوتن، لەوانە بنکەیەکی تەندرووستی، کە بە هاوکاریی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی کار دەکات، بە گوێرەی ئامارەکانی بەسی بەدواداچوون و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، بۆردوومانە ئاسمانی و دوورهاوێژ و هاوەنەکانی تورکیا 14 ئامانج لە رۆژئاوای کوردستان، بە لایەنی کەمەوە بوونە هۆی برینداربوونی 10 لە قامشلۆ و کۆبانێ.