بۆردومانی تورکیا بۆ سه‌ر کۆبانێ شوێنی مه‌ده‌نی و بنكه‌ی ته‌ندروستی كردووه‌ته‌ ئامانج

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە چەند شوێنێکی شاری کۆبانێ و گونده‌واره‌كانی  لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان کران، لەنێویاندا بنکەیەکی تەندروستی کە بە پاڵپشتی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش ده‌كات.

پەیامنێری نۆرس پرێس لە زاری سەرچاوە خۆجێیه‌كانه‌وه‌ بڵاویکردەوە، بۆردومانەکەی تورکیا کلینیكی بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كه‌ی كردووه‌ته‌ کردووه‌تە ئامانج و زیانێکی زۆری بە سەرجەم ژوورەکانی تریش گەیاندووە.

ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە هێزه‌كانی تورکیا کارگەیەکی موڵکی تایبەتی بۆردومان كردووه‌، لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر باڵه‌خانه‌ی کارگەکە کەوتووە.

هەروەها شوێنێكی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە شارەکەدا بۆردومان كراوه‌ و بەگوێرەی هەمان سەرچاوەکان زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

بەرەبەیانی ئه‌مڕۆش، دوو کرێکار لە بۆردومانێکی تورکیا بۆ سەر گەراجێکی وەستانی ئۆتۆمبێل لە باشووری کۆبانێ بریندار بوون و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گەیەندراونەتە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنه‌وه‌ی: مالین محه‌مه‌د