بە هۆی بۆردوومانێکی تورکیاوە لە کۆبانێ دوو کرێکار بریندار بوون

کۆبانێ – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دوو کرێکار بەهۆی بۆردومانێکی تورکیاوە بۆ سەر گەراجێکی وەستانی ئۆتۆمبێل لە باشووری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان برینداربوون.

پێرێ شەو فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی دەزگا خزمەتگوزاری و دامەزراوە نەوتییەکانیان کرد لە رۆژئاوای کوردستان، بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند بۆردومانەکە بووەتە هۆی بڕینی کارەبای هەزاران گوند، داواشیان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد چاودێری هێرشەکانی تورکیا بکات کە ژیان و گوزارانی دانیشتوانیان کردۆتە ئامانج.

پەیامنێرێکی نۆرس پرێس لە زاری سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە رایگەیاند، بۆردومانەکەی تورکیا گەراجێکی وەستانی ئۆتۆمبێلی کردووەتە ئامانج کە دەکەوێتە باشووری شارەکەوە و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە کە نەتوانراوە دەستنیشان بکرێت.

ئەمە جگە لەوەی دوو کرێکاری لە ناو گەراجەکەدا بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شارەکە، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام هیچ هەواڵێکمان لەبارەی رەوشی تەندروستییان پێنەگەشتووە.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش