مەزلوم عەبدی: بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی رۆژئاوای كوردستان، تاوانی جەنگە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، بۆردومانی دووبارەی تورکیا بۆ سەر ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە رۆژئاوای كوردستان سیاسەتی برسیکردن و داگیرکارییە ئەمەش تاوانی جەنگە.

دوێنێ توركیا جارێكی تر وێستگەکانی نەوت و کارەبای لە رۆژئاوای كوردستان بۆردومان كرد. بەرپرسێکی خزمەتگوزاریش بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکەوە کارەبای شاری قامیشلۆ و نۆ شارۆچکە و 2600 گوندی دەوروبەری پچڕاوە.

عەبدی لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی ئەمساڵدا ئەوە سێیەمین جارە هێرشی لەم شێوەیە لەلایەن توركیا دەكرێتە سەر رۆژئاوای كوردستان، ئەمەش سیاسەتێکە کە تورکیا پەیڕەوی لێدەکات بۆ بەئامانجگرتنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموكرات دەشڵێت: لە کاتێکدا دانیشتوانی ناوچەکە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە ساڵێکی نوێ و سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ هێنانەدی سەقامگیری، كەچی ئەنقەرە پێداگری دەکات لەسەر سیاسەتە شەڕانگێزە ناڕەواکانی و هەناردەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش