قامشلۆ.. بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی شەترەنجی کراوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

لەلایەن ئەنجومەنی وەرزشی هەرێمی جەزیرە، خولی یازدەیەمی پاڵەوانێتی شەترەنجی کراوە لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەچوو.

لەمبارەیەوە کادار شێخی، لە دەستەی کارگێڕی پاڵەوانێتی شەترەنجی کراوەی قامیشلۆ بە نۆرس پرێس ڕاگەیاند، ئەمە یازدەهەمین خولی پاڵەوانێتی شەترەنجی کراوەیە، لە ساڵی 2013ەوە دەستمان کرد بە ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەكە لە شاری قامشلۆ، لەو كاتەوە هەموو ساڵێک پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەدەچێت.

ئەوەش دەخاتەڕوو ساڵانە پاڵەوانێتییەکە فراوانتر دەبێت و ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوا دەگرێتەوە، ژمارەی بەشداربووانی ئەم پاڵەوانێتییەش 33 کەس بوو، لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژئاواوە هاتوون، تەنانەت لە رەققە و مەنبیج، کۆبانێ و تەبقە زۆربەشیان یاریزانی پیشەگەرن لە یاری شەترەنجدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە منداڵان ڕابێنین و فێری شەترەنجیان بکەین، بەو پێیەی یارییەکی جیهانییە، بەو وتەی ناوبراو، ئەمساڵ خواستێكی باش لەلایەن گەنجانەوە هەیە بۆ یاری شەترەنج.

لای خۆیەوە فواد سەعدی، وەك یەکێک لە بەشداربووانی پاڵەوانێتی شەترەنج لە شاری گركێ لەكێ ڕایگەیاند، “ئەمە دووەم جارە بەشداری پاڵەوانێتییەكە دەکەم، ئەمساڵیش یاریزانان لە هەموو ناوچەکانی رۆژئاواوە هاتوون.

دەشوڵێت یەكێتی وەرزشی بەردەوام چالاکی وەرزشی ڕێکدەخات، ئەمەش هاندانی باشە بۆ ئەوانەی ئارەزووی وەرزش دەکەن بۆ ئەوەی تواناکانیان لەم بوارەدا بخەنەڕوو

ئامادەكردنی: نالین عەلی