
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 136 هاووڵاتی سڤیل قوربانی بۆردوومانەکانی تورکیان بۆ سەر رۆژئاڤا
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ژمارەی قوربانیانی بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو گەیشتە 136 هاوڵاتی سڤیلن، لەو ژمارەیەش 32 کەسیان شەهید بوون و 104ی دیکەش برینداربوون.
دوێنێ شەممە، بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس ڕاپۆرتێکی بەناونیشانی: “ماڵ و پێگە بازرگانییەکان چیتر سەلامەت نین.. تورکیا تەواوی جوگرافیایەک وەک ئامانجێکی سەربازی بەکاردەهێنێت” خستەڕوو، کە تیایدا ئاماری گشتی بەئامانجکردنی دامەزراوەکان لە لایەن تورکیاوە و هێرشەکان کە هاووڵاتیانی سڤیل دەکەنە ئامانج و چوارچێوەی یاسایی بۆ ئەو پێشێلکارییانە شیکرابوونەوە.
لە کۆی گشتی قوربانییەکان کە ژمارەیان 368 کەس بووە، ڕێژەی قوربانیانی مەدەنی 37% بووە، رێژەیەکە پیشانی دەدات، کە تورکیا بە ئەنقەست یان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەشێکی بەرفراوانی دانیشتوانی مەدەنی ناوچەکەی کردووەتە ئامانج، بە بێ گوێدانی ژیانی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانە.
لە ئەنجامی بۆردومانەکانی تورکیاوە 7 ژن و 5 منداڵ کوژراون، کە تەمەنیان لە نێوان 2 بۆ 12 ساڵدایە و 13 ژن و 15 منداڵیش برینداربوون کە تەمەنیان لەنێوان 3 بۆ 17 ساڵدایە.
ژمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە 78%ی ئەو ناوچانەی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە زیانیان بەرکەوتووە، ناوچەکانی نیشتەجێبوون بوون، لە کۆی 806 شوێنی بەئامانجکراو 41یان پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بوون، هەروەها 64یان پێگەکانی هێزەکانی حکومەت بوون.
لە راپۆرتەکەدا ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە 632 شوێنی بەئامانجکراو، ناوچەکانی نیشتەجێبوونی سڤیل بوون، هەروەها 48 شوێنیان دامەزراوە و ژێرخانی گرنگ بوون، ئەمە جگە لە 21 شوێنی زەوییە کشتوکاڵییەکان.