ئوردن ئێران تۆمەتبار دەکات بە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی لە ناو خاکی سووریاوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ خاکی ئوردن پەرەی سەندووە، لە کاتێکدا ئوردن ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەستی هەیە لە پاڵپشتیکردن و دابینکردنی دارایی تۆڕەکانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ناو خاکەکەی، هەروەها پێیوایە کە ئامانج لەم کارە هەڕەشەکردنە لە ئاسایشی نیشتمانی ئوردن.
سنووری ئوردن و سووریا هەفتەیەکی بەردەوامی پێکدادانیان لەنێوان هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئوردن و قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکاندا بەخۆوەبینی، کە لە بەرەبەیانی دووشەممەی رابردوودا گەیشتە لوتکە و پێشتریش لە ماوەی حەوت رۆژدا پێنج هەوڵی دزەکردن و بەقاچاخبردن هەبوون.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەلقودسی عەرەبی، دووشەممەی رابردوو، شەڕ و پێکدادانەکان بۆ ماوەی 14 کاتژمێر بەردەوام بوون، بەبێ ئەوەی لە چەند خاڵێکدا بوەستێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی قاچاخچییەکان بە تەواوی ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی بچنە ناو “شەڕێکەوە”.
رۆژنامەکە دەڵێ، “میلیشیا ئێرانییەکان چوونەتە قۆناغێکی نوێوە، کە رەنگە ئاسایشی ئوردن تێکبدەن بە هۆی پێشێلکارییەکی گەورەی ئەمنی لە سنووری باکوور”، ئوردن بە ئاشکرا ئێران بە پشتیوانیکردنی تۆڕەکانی ماددە هۆشبەرەکان بە پارە و چەک تۆمەتبار دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ماددە هۆشبەرەکان “تەنها رووپۆشێکن بۆ گواستنەوەی چەک بۆ ئوردن و سەرەڕای خۆپارێزی توندی ئوردن سەبارەت بە تۆڕە ناوخۆییەکان کە پەیوەستن بە تۆڕەکانی قاچاخچێتیەوە، هەندێک لە قاچاخچییەکانی ئوردن پەیوەستن بە پلانێکی ئەمنی فراوانترەوە لە پرسی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکاندا”.
پێشتر گوتەبێژی حکومەتی ئوردن رایگەیاندبوو، کە “ئەیمەن ئەلسەفادی” لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران قسەی کردووە و “جەختی لە رەتکردنەوەی تێپەڕاندنی ئەو چەک و ماددە هۆشبەرانە کردووەتەوە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیا ئێرانییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە”.
چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتەبێژەکە رایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی شەڕێکی هەرێمی لەسەر سنوور لەگەڵ سووریا بەڕێوەدەبات، بە سەرۆکایەتی میلیشیا و گروپەکان، کە ماددەی هۆشبەر هەناردەی ئوردن دەکەن و دەیانەوێت بیگەیەننە وڵاتانی کەنداو.
ئوردن نیگەرانییە ئەمنییەکانی خۆی سەبارەت بە بوونی ئێران لە سووریا ناشارێتەوە، کە لە ساڵی 2018ەوە بەشداربووە لە چالاککردنی قاچاخچێتی لە سنووری وڵاتەکە، هەروەها مەرجی ئەوەی دابوو کە میلیشیا ئێرانییەکان 80 کیلۆمەتر لە سنوور دووربخرێنەوە، دوای ئەوەش مەودای 30 کیلۆمەتری دیکە، بە گەرەنتی لایەنی رووسی دوور بخرێنەوە، بەڵام پێی وایە کە بابەتەکە بە کردار جێبەجێ نەکراوە.
راپۆرتەکەی رۆژنامەی “ئەلقودسی عەرەبی” ئاماژەی بەوە کردووە کە ئوردن “هەستی بە هەڕەشەی ئێران کردووە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە عێراق، بەو پێیەی شا عەبدوڵڵا لە ساڵی 2004 لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا زاراوەی هیلالی شیعەی داهێناوە، ئەمەش وەک ترسی خۆی لە هاتنە سەر دەسەڵاتی حکومەتێکی دڵسۆز بۆ تاران لە عێراق، کە ئاسانکاری بۆ هاتنە ناوەوەی ئێران بکات”.