بەڕێوبەریی خۆسەریی: بە هۆی بۆردوومانەکەی تورکیاوە زۆربەی دامەزراوە کارەباییەکان لەکار کەوتوون
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەی وزە لە هەرێمی جەزیرەی سەر بە بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتی رایگەیاند، کە زۆربەی دامەزراوە کارەباییەکان بەهۆی بۆردومانەکەی شەوی رابردووی تورکیاوە لەکار کەوتوون.
ئێوارەی دوێنێ شەممە، فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانکردنەوەی دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابووری رۆژئاڤایان دەستپێکردەوە، لەگەڵ چەندین هێرشی ئاسمانی و بۆ سەر دامەزراوەکانی خزمەتگوزاری و نەوتی لە گوندەواری قامشلۆ و دێریک.
فەرمانگەی وزە لە رووپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، وێستگەکانی گۆڕین و دامەزراوەی غازی سویدییە لە گوندەواری دێریک، بەهۆی بەرکەوتنیان بە بۆردومانی تورکیاوە، لە خزمەتگوزاری دەرچوون.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو دامەزراوە غاز و نەوتیانەی کە سووتەمەنی بۆ تۆرباینەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دابین دەکەن لەکارکەوتوون.