لە سێ رۆژدا.. دەسگیرکردنی 48 کەس و لابردنی دەیەها خێوەت لە کامپی هۆل

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، 48 کەسیان دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بن و 54 خێوەتیان لابردووە کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بۆ مەشق و ڕاهێنان بەکارهێنراون، لە ماوەی سێ ڕۆژی یەکەمی هەڵمەتی “مرۆڤایەتی و ئاسایش”، لە کامپی هۆل، ڕۆژهەڵاتی حەسەکە.

هەڵمەتی “مرۆڤایەتی و ئاسایش” رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە کامپی هۆل لە رۆژهەڵاتی حەسەکە دەستیپێکرد، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی شانەکانی رێکخراوەکە و سنووردارکردنی توندوتیژییەکانی ناو کامپەکە کە لە زیادبووندایە.

ناوەندی راگەیاندنی هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون لە لیستی زۆرترین داواکراودان، کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و لەگەڵ تەواوبوون، راستەوخۆ ئەنجامەکانیان بڵاودەکرێنەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە سێیەم رۆژی هەڵمەتەكەدا “ئاسایش” دوو خەندەقی دۆزیوەتەوە كە لەلایەن رێكخراوەكەوە بۆ خۆحەشاردان و خۆدزینەوە و وەک شوێنی راهێنانی منداڵان و ئەنجامدانی خولی شەرعی و دادگایەک بۆ سەپاندنی سزا بەكاردەهێنران.

پێشتریش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ستایشی هەڵمەتی ئەمنی لە کامپی هۆل کردبوو کە لە رێگەی تویتێکەوە لە تویتەر پشتگیری خۆی بۆ هەڵمەتەکە راگەیاندبوو.