ئەڵمانیا بە 10 ملیۆن یۆرۆ هاوکاری بونیاتنانەوەی سووریا دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، بەپێی راگەێنراوی ماڵپەڕی فەرمی سندووقی متمانەی ئاوەدانکردنەوەی سوریا (SRTF) و لە چوارچێوەی “پشتیوانیکردنی گەلی سووریا” و یارمەتیدانیان لە بونیاتنانەوەی وڵاتەکەدا، ئەڵمانیا بە 10 ملیۆن یۆرۆ هاوکاری وڵاتەکە دەکات.

بەگوێرەی راگەێنراوەکە، ئەمە هەشتەمین بەشداریی ئەڵمانیایە و کۆی پاڵپشتییەکەی تا ئێستا گەیشتووەتە 96.68 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش دەبێتە گەورەترین بەخشەری دارایی بۆ سندوقەکە لەدوای دامەزراندنیەوە لە ساڵی 2013وە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەرلین، “وەک یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری سندوقی متمانەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا (SRTF)، لە رێگەی ئەم بەشدارییەوە دڵنیایی دەدات بە پابەندبوونی درێژخایەنی خۆی بۆ پشتگیریکردنی ئەرکەکەی”.

هەروەها بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە “پشتیوانیکردنی سندوقەکە لە ئەرکە گرنگەکەیدا کە بەشداریکردنی چالاکانەیە لە کارەکاندا بۆ داهاتوویەکی ئارامتر لە سووریا”.

کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن سندوقی متمانەوە تا دوێنێ کۆکراوەتەوە، گەیشتە زیاتر لە 342 ملیۆن یۆرۆ لە لایەن 12 وڵاتە بەخشەرەکەوە، لەوانە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کوەیت، دانیمارک، سوێد، فینلاند، ژاپۆن، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، هاوکات تورکیا و ئوردن رۆڵی وڵاتانی میواندار دەگێڕن بۆ دامەزراوەی سندوقی متمانەی ئاوەدانکردنەوەی سووریا.

بەپێی ماڵپەڕی فەرمی سندوقەکە، ئەرکی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی سووریا بریتییە لە “ئاڕاستەکردنی ئەو یارمەتییە داراییانەی، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی روون و بەرپرسیارانە پێشکەشی بە پڕۆژەکانی ناوخۆی سووریای دەکات، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلانی سووریا”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان