بەمەبەستی پەلاماردانی “هەسەدە” لە رۆژهەڵاتی فورات .. میلیشیایەکی سەر بەئێران چەکدارەکانی بۆ دێرەزوور دەگوازێتەوە
دێرەزوور – نۆرس پرێس
میلیشیایەکی سەر بە ئێران چەکدارەکانی لە گوندەواری حەڵەبەوە گواستەوە بۆ دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کەناری رۆژهەڵاتی رووباری فورات.
دوێنێ یەکشەممە، سەرچاوەیەک کە لە هێزەکانی حکومەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “لیوای ئەلباقر” بە فەرمانی فەرماندەیی سوپای پاسداران “حاجی کەڕاڕ” کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانە لە گوندەواری حەڵەب، 140 چەکداریان لە گوندەواری حەڵەبەوە گواستووەتەوە بۆ دێرەزوور.
ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەی گواستنەوەکە بە هەماهەنگی نێوان “حاجی کەڕاڕ” و فەرماندەی هێزەکانی “لیوای ئەلباقر” لە سووریا، خالد ئەلحەسەن ئەلعەلوش (خەلد ئەلباقر) ئەنجامدراوە، کە لە بارەگاکەی خۆی لە گەڕەکی “ئەلبلورە” لە شاری حەڵەب ئامادەیە.
بەپێی سەرچاوەکە، ئەم پرۆسەی گواستنەوەیە بۆ راهێنان و ئامادەکردن و تێکەڵکردنی ئەم چەکدارانە دێت لەگەڵ “بزوتنەوەی ئەبنا جەزیرە و فورات”، بۆ شەڕکردن لە کەناری رۆژهەڵاتی رووباری فورات دژ بە “هەسەدە”.
هەمان سەرچاوە رایگەیاند، بەشێک لەو چەکدارانە مەشق و راهێنانیان لەسەر درۆنی خۆکوژی لە ناوچەی خان ئەلعەسەل لە گوندەواری حەڵەب ئەنجامداوە، بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی فورات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گواستراوەتەوە بۆ دێرەزوور و لە پێگەکانی حیزبوڵای عێراقی لە گوندەواری بوکەمال بە سەرپەرشتی بەرپرسێکیان بە ناوی “شیرو ئەلباقر” جێگیر کراون.