“مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق”: توانیومانە ئامانجێک لە شاری ئیلات بپێکین
هەولێر – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” لە رێگەی ناسێنەرەکانیانەوە رایانگەیاند، کە توانیویانە ئامانجێک لە شاری ئیلات بپێکن.
میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە راگەێنراوێکدا گوتیان: “لە درێژەی رێبازەکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی و پشتیوانی لە گەلەکەمان لە غەززە و لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لەلایەن قەوارەی داگیرکەرەوە دژ بە خەڵکی سڤیلی فەلەستینی ئەنجام دەدرێت، ‘مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق’ پێگەیەکی لە ئوم ئەلڕەشڕاش (ئیلات) بە چەکی گونجاو، کردووتە ئامانج”.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” هێرشەکانی بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لە عێراق و سووریا چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش یەکەمجارە ئەو میلیشیایە شوێنێک لە ناو ئیسرائیلدا بکاتە ئامانج و زیاتر لە جارێکیش رایانگەیاندووە کە هێرشەکانی “لە وەڵامی ئەو شەڕەدایە کە سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەڕێوەی دەبات”.
دوێنێ پێنجشەممە، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاندبوو، تەلئەبیب تەحەمولی ئەو هێرشانە ناکات کە لەلایەن گروپی ئەنساروڵا (حوسییەکان)ەوە ئەنجام دەدرێن و شاری ئیلات و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج.
بەڕێوەبەری گشتی بەندەری ئیلات لەسەر دەریای سوور، جەدعون گولبەر پێشتر رایگەیاندبوو، نزیکەی 85%ی قازانجی بەندەرەکە لە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلەوە دێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەڕەشەکانی حوسییەکان رێگری بۆ دروست کردوون.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل لە زاری جەدعونەوە رایگەیاندووە، “ئەو مەترسییەی حوسییەکان لەسەر رێڕەوی دەریایی لە دەریای سوور دروستیانکردووە، وایکردووە لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە بەندەرەکە نزیکەی 14 هەزار ئۆتۆمبێل لەدەست بدات”.