تورکیا 6 دەستگیرکراوی کورد لە زیندانێکی رۆژهەڵاتی عەفرینەوە بە نایاسایی دەگوازێتەوە بۆ ناو خاکەکەی
عەفرینی داگیرکراو – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 6 دەستگیرکراوی کورد، کە دووانیان ژن بوون، لە زیندانی ‘کفرجەننە’، لە رۆژهەڵاتی عەفرینی داگیرکراوەوە بە نایاسایی گواستەوە بۆ زیندانێکی ناو خاکی تورکیا، ئەمەش سێهەم گواستنەوەی دەستگیرکراوانی ناوچەی عەفرینە لە ماوەی ئەم مانگەدا.
سەرچاوەیەک لە میلیشیای ‘شورتەی عەسکەری” سەر بە تورکیاوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا 6 دەستگیرکراوی کوردیان لە زیندانی ‘کفرجەننە’وە لە رۆژهەڵاتی عەفرین، گواستووەتەوە بۆ زیندانێکی ناو خاکی تورکیا، دوای نزیکەی مانگێک لە دەستگیرکردنیان بە تۆمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەڕێوبەریی خۆسەریی، پێش داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە.
ئەو دەستگیرکراوانە لە رێگەی دەروازەی ئەلحەمامەوە لە گوندەواری قەزای جندرێس گواستراونەتەوە، هەمان سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەمە سێهەمین جارە دەستگیرکراوانی کوردی رۆژئاڤا بۆ ناو خاکی تورکیا بە نایاسایی لە هەمان زیندانەوە بگوێزرێنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی دەستگیرکراوانی راگوێزراو بۆ تورکیا گەیشتوەتە 14 کەس، لەنێویاندا 5 ژن هەیە.