هەولێر – نۆرس پرێس
سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ، شەممە، هەواڵسازی بەشی کوردی ( سۆرانی) لە ئاژانسی نۆرس پرێس، ڕۆژنامەنووس ئومێد تۆفیق فەتاح، بە جەڵدەی دڵ، لە تەمەنی 37 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
رۆژنامەنووس ئومێد فەتاح، دانیشتووی ناحیەی سەیدسادق-ی سەر بە پارێزگای سلێمانیە لە هەرێمی کوردستان و باوکی سێ منداڵە، بە وتەی هاوڕێیەکی کە ئەمڕۆ لە گەڵی بووە، پێشتر هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە، پاش تەوابوونی لە وەرزش کەمێک ناڕەحەت دەبێت، هاوڕێیانی لە هۆڵی وەرزشەکە دەیهێننە دەرەوە تا بیبەن بۆ نەحۆشخانە، بەڵام ناگاتە بنکەی تەندروستی شارۆچکەکە، دڵی لە لێدان دەوەستێت، هەر ئەمشەو لە سەیدسادق بەخاک سپێردرا.
“ئومێد” لە سەرەتای دەسبەکاربوونیەوە لە نۆرس پرێس، وەک هەواڵسازی بەشی سۆرانی کاری کردووە بۆ گەیاندنی ڕەوتی ڕووداوەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بە هاوڵاتیانی کوردی سۆرانی زمان، ئەویش دوای چەندین ساڵ کارکردنی لە رۆژنامەوانی کوردی و عێراقیدا.
نۆرس پرێس، بە سەرجەم رۆژنامەنووسان و پەیامنێران و کارگێڕەکانییەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێ و هاوکارانی کۆچکردوو دەکات.