کەش و هەوا لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان

هەولێر – نۆرس پرێس

لە  باشووری کوردستان ئەمڕۆ هەور دەبێت و پێشبینی دەکرێت سبەی باران ببارێت، لە رۆژئاڤاش کەشناسی هۆشداریدا لە درووستبوونی بەستەڵەک لە بەرزایی شاخەکان و پاڵەپەستۆیەکی نزم بە باران بارینەوە روو لە ناوچەکە دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی سووریا پێشبینی دەکات سبەی هەینی پاڵەپەستۆیەکی نزمی باراناوی لە ناوچەکە دەستپێبکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، رەنگە هەندێکجار بارانبارین بەشێوەیەکی بچڕ بچڕ بێت، یان زۆر بێت، لەگەڵ بوونی رەشەبا لە شەودا.

هەروەها بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، پاشان بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، سبەی هەینی، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە کاتەکانی بەیانیدا باران لە ناوچە شاخاوییەکان و سنووری پارێزگای دهۆک دەبارێت، پاشان کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سەر هەندێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و لە هەندێک ناوچەدا بارانی مامناوەند دەبارێت و پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ نزیکەی 2 بۆ 4 پلە نزمتر دەبێت.