بەرپرسێکی ئەمریکی لە بەغداوە تاوتوێی هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانیان دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ڤیکتۆریا نولاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەغداوە رایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت هاوکاری عێراق بکات بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی سەر بنکە و هێزەکانیان، کە لە عێراق و سووریا جێگیرکراون.
دوێنێ چوارشەممە، نولاند لە سەردانێکیدا بۆ هەولێر، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق هەمان بابەتی تاوتوێ کرد.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و دوای دیدارەکە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: “دەمەوێت ئەوەتان بیر بخەمەوە کە ئەم هێرشانە تەنها ئەمریکا ناکەنە ئامانج، ئێمە لێرە بانگهێشت کراوین و بەرژاوەندی تایبەتمان نییە، ئەمانە هێرشن بۆ سەر دامەزراوە عێراقییەکان و هەڕەشەن بۆ سەر سەروەری عێراق”.
لەم ماوەی دواییدا و پاش هەڵگیرسانی ململانێکانی نێوان غەززە و ئیسرائیل، بنکە ئەمریکییەکان لە سووریا و عێراق کەوتنە بەر دەیان هێرش کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدران.
نولاند زیادی کرد: “باسمان لە چۆنیەتی بەهێزکردنی هاوکارییەکانمان کرد بۆ کۆتایی هێنان بەو هێرشانە نەک تەنها ئەوانەی لە عێراق روودەدەن، بەڵکو ئەوانەی لە عێراقەوە باڵدەکێشن بۆ سووریا، ئەوەی ئێمە و سەرۆک وەزیران و حکومەتی عێراق پێمان باشە بۆ ئەوەیە عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشە ئەمنییەدا بکەن”.