پاش 10 ساڵ.. یەکەم فڕۆکەی جەزائیری لە فڕۆکەخانەی لازقییە دەنیشێتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

وەزارەتی گواستنەوەی سووریا رایگەیاند، پاش 10 ساڵ لە راگرتنی گەشتەکانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکەم فڕۆکەی جەزائیری دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لازقییە.

بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی سووریا و هەڵگیرسانی جەنگەوە، جەزائیریش هاوشێوەی دەیان وڵاتی دیکە گەشتە ئاسمانییەکانی راگرتبوو.

وەزارەتی گواستنەوەی سووریا رایگەیاند: “بەو پەڕی رێز و پێزانینەوە بڕیاری وەزارەتی گواستنەوەی جەزائیرمان وەرگرت بۆ کاراکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە جەزائیرەوە بەرەو سووریا”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، کۆمپانیای فڕۆکەوانی مەدەنی گشتی مۆڵەتی بە کۆمپانیای ئەیر جەزائیر داوە بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەخانە مەدەنییەکان، هەروەها دابینکردنی ئاسانکاریی پێویستی بۆ وەرگرتنی گەشتەکان لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی گواستنەوەی ئاسمانی راگەیاند کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆکراوە.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش