“هەسەدە” لە رققە دەست بەسەر 120 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا دەگرێت

رەققە –نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، پێگەی فەرمی هێزەکانی سووریای دیموکراتی رۆژئاوای کوردستان، دەستبەسەرداگرتنی 120 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری “حەشیش”ی راگەیاند.

پێگەی فەرمی “هەسەدە” بڵاویکردەوە، کە هێزەکانی دیسپلینی سەربازی سەر بە “هەسەدە” رۆژی 12ی تشرینی دووەم ئۆپەراسیۆنێکیان لە شاری رەققەی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە و تیایدا بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان کردووەتە ئامانج.

راسیانگەیاندووە، کە “هێزەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک لە شاری رەققە و توانیویانە بازرگانێکی ماددەهۆشبەرەکەن دەستگیربکەن و دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەری جۆری “حەشیش”دا بگرن کە 120 کیلۆگرام بووە.

ئەبو حەمزە، سەرکردە لە هێزەکانی دیسپلینی سەربازی بە پێگەی فەرمی “هەسەدە”ی راگەیاندووە، کە “دیاردەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان جەنگێکی تایبەتە، کە نەک تەنها هێزە سەربازییەکان بەڵکو هەموو خەڵکی ناوچەکە دەکاتە ئامانج و مەترسی لەسەر کۆمەڵگا و هاووڵاتیان دروست دەکات”،  داواش لە هاووڵاتیانی رۆژئاڤا دەکات هاوکار بن و لە هەر جموجوڵێکی گوماناویی ئاگاداریان بکەنەوە”.