کردنەوەی بەشی چارەسەری وەرەمی و شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی قامشلۆ
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخراوی مانگی سووری کوردی بەشێکی تایبەت بە چارەسەری وەرەمی و تووشبووانی شێرپەنجەی لە یەکێک لە نەخۆشخانە نوێکانی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان کردەوە.
دڵکەش عیسا، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “دوو ساڵ لەمەوبەر دەستیان بە دروستکردنی نەخۆشخانەکە کردووە و سێ نهۆمی لەخۆگرتووە، کە یەکێکیان تایبەتە بە نەخۆشییە وەرەمیەکانی شێرپەنجەیی و توشبووانی شێرپەنجە، دووەمیان تایبەتە بە سووتاوی و سێهەم بۆ نەخۆشانی تالاسیما.
دڵکەش ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ بەشی نەخۆشییە وەرەمییەکان و شێرپەنجە کرایەوە، هەروەها ژەمە دەرمانەکان بۆ نەخۆشە تووشبووەکان و پشکنینی تاقیگەیی بەبێ بەرامبەر دابین دەکرێت، روونیشیکردەوە کە “لە داهاتوودا هەوڵدەدەن بۆ دەستەبەرکردنی ئامێری دەستنیشانکردن تایبەتی نەخۆشییەکان”.
گوتیشی، بەشی سووتاوی و تالاسیمیا لەناو نەخۆشخانەکەدا هێشتا لە ئامادەکاریدایە و لە کاتێکی دواتردا تەواو دەبێت و لە کاتی ئامادەبوونی ئەو دوو بەشە رادەگەێنین.
ئەو بەرپرسە راشیگەیاند، کە ئەم نەخۆشخانەیە بە یەکەم نەخۆشخانەی لە جۆری خۆی دادەنرێت لە رۆژئاوای کوردستان و پێویستی بەپەلە و پێویستی دانیشتوانی ناوچەکە و زیادبوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجە لە هۆکارەکانی کردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بوون، ئامانجیشی رزگارکردن و گێڕانەوەی کات و تێچووی گەشتە بۆ تووشبووان و خێزانەکانیان.
گوتیشی، پەیوەندی بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەکەن بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکاری لە دەستەبەرکردنی ژەمە دەرمانەکان بۆ تووشبووانی شێرپەنجە.
ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی