فینلەند و ئەمریکا رێککەوتنێکی سەربازییان ئەنجامدا

هێلسنکی  – نۆرس پرێس

شەوی دووشەممەی رابردوو، فینلاند و ئەمریکا رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لە کاتێکدا ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا هۆشداری داوە بە وڵاتانی سکاندیناڤیا، لە پەیوەندیکردنیان بە رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) وە.

واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە رۆژێک دوای ئەوە هات کە پوتین هۆشداری دا لە “کێشەکانیان” لەگەڵ فینلاند، دوای ئەوەی پەیوەندی بە ناتۆوە کرد و رایگەیاند کە رووسیا لە وەڵامی ئەم هەنگاوەدا ناوچەیەکی سەربازی نوێ لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە دادەمەزرێنێت.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، رێککەوتنەکە پەیوەندییە نزیکەکانی واشنتۆن و هێلسنکی بە فەرمی دەکات و ئانتی هاکانێن، وەزیری بەرگری فینلاند بە “ئاماژەیەکی بەهێزی پابەندبوونی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە فینلاند و باکووری ئەوروپا” ناویبرد.

لە پەراوێزی واژۆکردنەکەدا، وەزیری بەرگری فینلاند گوتی، “چاوەڕوانی ئەوە ناکەین ئەمریکا ئەرکی بەرگری لە فینلاند لە ئەستۆبگرێت، بەڵام ئەم رێککەوتنە توانای ئێمە بۆ کارکردنی پێکەوەیی لە هەموو بارودۆخەکاندا زۆر باشتر دەکات”.

لەلایەکی دیکەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، فینلاند “لە هەموو لایەک باشتر دەزانێت چی مەترسییەک لە ئۆکرانیا دەگوزەرێت”، ئاماژەی بەوەشکرد، “هەروەها مێژووی ئێوە گرنگی بەردەوامبوونی هەموومان بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیامان بیردەخاتەوە”.

فینلاند لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا پەیوەندی بە ناتۆوە کرد، ئەمەش دوای دژایەتی و هەڕەشە بەردەوامەکانی رووسیا.

دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە واشنتۆن، ئیلێنا ڤاڵتۆنێن، وەزیری دەرەوەی فینلاند، مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵدەدات پرسی کۆچبەریی “بقۆزێتەوە” لە رێگەی ناردنی کۆچبەرانەوە بۆ ئەودیوی سنوور، بۆ فینلاند.

ئەو پێی وابوو کە “رووسیا لە داهاتوویەکی نزیکدا بەردەوام دەبێت لە مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهان”.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان