هەولێر – نۆرس پرێس
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بەشداریکردن لە هەردوو هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا %41 بووە.
رۆژانی شەممە و دووشەممە، هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، هەروەک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەچوو و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماری کۆتایی بەشداریی دەنگدانی لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی تایبەت و گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، رێژەی بەشداریی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەدا % 41 بووە؛ کە زۆرترینی رێژەی بەشداریی دەنگدان لە پارێزگای کەرکووک % 66 و کەمترینیشی لە پارێزگای بەغدارەسافە % 21 بووە.
ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و رووخانی رژێمی سەداممەوە لە ساڵی 2003 دامەزراوە، ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتێکی فراوانیان هەیە، گرنگترینیان هەڵبژاردنی پارێزگار و دانانی بودجەیە بۆ تەندروستی و گواستنەوە و پەروەردە لە رێگەی ئەو پارەیەی لە بودجەی گشتیدا بۆیان تەرخانکراوە ، کە 90%ی داهاتەکانی پشت بە نەوت دەبەستێت.