چەکدارانی سەر بە رژێمی ئەسەد هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی “هەسەدە” لە دێرەزوور

دێرەزوور  – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چەکدارانی سەر بە رژێمی ئەسەد هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتی رۆژئاوای کوردستان لە گوندەواری دێرەزوور.

سەرچاوەیەکی سەربازی “هەسەدە” بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە چەکدارانی نەناسراو بە چەکی ئاسایی هێرشیان کردووەتە سەر بارەگا و بنکەکانی “هەسەدە” لە کەناری رووباری فورات لە شارۆچکەکانی کشکیە و ئەبوحەمام لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

راشیگەیاند کە چەکدارەکان بە (ئاڕ پی جی) بارەگایەکی سەربازی “هەسەدە”یان لە نزیک رووباری فورات لە شارۆچکەی شحێل کردووە بە ئامانج، بە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت.

لە کاردانەوەی ئەم هێرشانەدا، هێزەکانی سووریای دیموکراتی رۆژئاوای کوردستان هەڵمەتێکی ئەمنییان لە شارۆچکەی شحێل و ئەبوحەمام و کشکییە ئەنجامدا، تیایدا چوار تێوەگلاویان لەو هێرشانەی دژ بە بارەگاکانیان دەستگیرکرد، کە بە گوێرەی سەرچاوەکە لە لایەن رژێمی ئەسەدەوە پاڵپشتی دارایی کراون.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولرەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان