دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، پێکدادان لە نێوان سەربازانی پاسەوانی سنووری ئوردن لەگەڵ گروپە چەکدارەکان لەسەر سنووری سووریا سەریهەڵدا، بۆ رێگریکردن لە هەوڵی بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر و چەکی ئۆتۆماتیکی و مووشەک، لە ئەنجامدا چەند سەربازێکی پاسەوانی سنووری ئوردن بریندار بوون.
لە چەند رۆژی ڕابردوودا هەوڵەکانی بەقاچاخکبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە خاکی سووریاوە بۆ ئوردن زیادیکردووە، کە بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەر و کوژران و برینداربوونی سەربازانی پاسەوانی سنووری ئوردن.
سوپای ئوردن رایگەیاند، لە سنووری باکووری ئوردن پێکدادانێکی توند لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئوردن و گرووپە چەکدارەکاندا روویداوە.
راشیانگەیاند، لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا هەوڵی قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان پووچەڵ کرایەوە و چەند سەربازێک برینداربوون و تاقمە چەکدارەکانیش راونراون بۆ ناو خاکی سووریا.