وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی هەڵدانی مووشەکی بالستی دەکات لە لایەن کۆریای باکوورەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی هەڵدانی تاقیکاریی مووشەکی بالیستیکی کۆریای باکووری کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندووە، “ئەم هەڵدانی مووشەکانە هاوشێوەی هەڵدانی مووشەکی بالیستیکی دیکە کە لە لایەن پیۆنگیانگەوە لەمساڵدا ئەنجامدراون، پێشێلکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم تاقیکردنەوە مووشەکییانە “مەترسی لەسەر وڵاتانی دراوسێی کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریا دروست دەکەن و ئاسایشی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە”.
دوێنێ یەکشەممە، سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند کە کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستیکی دیارینەکراوی بەرەو دەریای رۆژهەڵات، یان دەریای ژاپۆن هەڵداوە.
ئەم هەڵدانەش دوای ئەوە هات کە سیئۆل مووشەکێکی تری بالستیکی کورت مەودای دۆزییەوە، کە دوێنێ یەکشەممە لە ناوچەی پیۆنگیانگەوە هەڵدرابوو.
سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، مووشەکەکە نزیکەی 570 کیلۆمەتر بەرزبووەتەوە پێش ئەوەی بکەوێتە دەریای رۆژهەڵاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سیئۆل و واشنتۆن و تۆکیۆ “لە نزیکەوە زانیارییان سەبارەت بە موشەکی بالیستیکی کۆریای باکوور ئاڵوگۆڕ کردووە”.
حکومەتی ژاپۆنیش رایگەیاند کە کۆریای باکوور “وەک دەردەکەوێت مووشەکێکی بالیستیکی هەڵداوە”، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بخاتەڕوو.