بۆردومانی هێزهكانی حكومهت و میلیشیاكان له گوندهواری ئیدلب و حەلەب، كوژراو وبرینداری لێكهوتهوه
ئیدلب – نۆرس پرێس
ئهمڕۆ یەکشەممە، له گوندهواری ئیدلب و حەلەب لە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییهكان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، هێزەکانی حکومەتی سوریا و دهستهی تەحریر شام، ” بەرەی نوسرە” ی پێشوو بۆردومانی یهكتریان كرد و بههۆیهوه كوژراو برینداربوونی له هەردوولا لێكهوتهوه.
پێگهكانی گروپه ئۆپۆزسیۆنهكانی سوریا ڕایانگەیاندووه، هێزەکانی حکومەتی سوریا شاری دارهت عەزهیان لە گوندهواری ڕۆژئاوای حەلەب بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەیان بەوەشکردووه، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ له بۆردومانێکی هاوشێوەدا حکومەت گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی شاری ئیدلبی کردووهته ئامانج و لە ئەنجامدا جیا له برینداربوون و زیانی ماددی بە ماڵ و موڵكی دانیشتووان كهوتووه.
ئهوهشیان خستووهتهڕوو هێزەکانی حکومەت تۆپبارانی دەوروبەری گوندەکانی فاتیرە و کهنسەفرەیان لە گوندهواری باشووری ئیدلبیان كردووه.
دوێنێش، ناوەندی ئاشتەوایی ڕووسیا ڕایگەیاند کە سەربازێکی سوری بە گولـلهی چەکداران لە پارێزگای لازقیە بریندار بووە. هەروەها میدیاکانی حکومەتی سوریاش ڕایانگەیاندووه هێزەکانی حکومەت بە موشەک گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری ئیدلبیان کردووهتهئامانج.