قامیشلۆ.. چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كان له‌ زیادبووندان و گه‌نجان گرنگی زیاتر به‌ وه‌رزش ده‌ده‌ن

قامشلۆ – نۆرس پرێس

لە نێو گەنجانی ناوچە جیاجیاكانی رۆژئاوای كوردستان، چالاکییە وەرزشییەکان لە زیادبووندان، خولیا و گرنگی زۆر هه‌یه‌ بۆ وه‌رزش، هاوكات یاری و پاڵەوانێتی لە لایەن ده‌سته‌ی لاوان و وەرزشی ناوچەکەوە ڕێکدەخرێن.

یاری و بۆنە وه‌رزشییه‌كان بە شێوەیەکی بەرفراوان لەناوچه‌كه‌ بەڕێوەدەچن، خواست و ئارەزووی زۆریش لەنێو گەنجاندا هەیە سەبارەت بە ئەنجامدانی خولی تۆپی پێ و یارییەکان.

له‌ ماوه‌ی مانگێکدا خولێکی تۆپی پێ لە یاریگای رۆهلات بەڕێوەچوو کە ساڵانە بۆ تیپەکانی لاوانی قامیشلۆ و دەوروبەری ئه‌م شاره‌ بەڕێوەدەچێت، بە بەشداری 48 تیپ.

له‌مباره‌یه‌وه‌ محەممەد موراد، له‌ ده‌سته‌ی کارگێڕی یاریگای رۆهلات لە شاری قامشلۆ بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ساڵانە خولێکی تۆپی پێ لەم یاریگایه‌ بۆ گەنجان بەڕێوەدەچێت و ئەمە دووەم خولیه‌تی، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو خولی یەکەمی یارییەکە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، بڕیارماندا ئەمساڵیش خولێكی دیکە لەم یاریگایه‌ ئەنجام بدەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تیپانەی بەشداری یاریی تۆپی پێ دەکەن خەڵکی قامشلۆ و دەوروبەری قامشلۆن، هەروەها ئه‌مساڵ بەشدارییەکی زۆر لەلایەن گەنجانه‌وه‌ هەیە، بەو پێیەی 48 تیپ بەشدارییان کردووە.

موراد ڕوونیشیکردەوە، پێش دەستپێکردنی یارییەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە ئامادەکارییان كردووه‌، بۆ ئەم خولە، كه‌ لەسەر ئاستی هەرێمی جەزیرە بەڕێوەبچێت و نزیکەی مانگێکە تیپە بەشداربووەکان یاریی ئاماده‌كاری دەکەن.

ئامانج لە ئەنجامدانی یارییەکانی تۆپی پێ و خولەکان، هاندانی گەنجانە بۆ ئەوەی زیاتر روو له‌ وەرزش بکەن .

بەوتەی ناوبراو دوای تەواوبوونی یارییەکە و سەرکەوتنی یەکێک لە تیپە بەشداربووەکان، ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی تر، هه‌روه‌ها چالاکی و بۆنە وەرزشییەکان بەردەوامن، لەنێوان گروپە به‌ ته‌مه‌نه‌كان.

لای خۆیەوە جێگر عەلی کاپتنی تیپی لاوانی چڕنك کە سه‌ركه‌وتنی له‌یاری کۆتایی بەدەستهێناوە، وتی له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵە گرنگیدانی زۆر هه‌یه‌ بۆ وه‌رزش، چەندین قوتابخانە کراوەتەوە بۆ ڕاهێنانی منداڵان بۆ یاری تۆپی پێ.

ده‌شڵێت ساڵانە ئامادەکاری دەکەین بۆ بەشداریکردن لەو خولانەی لەسه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ بەڕێوەدەچن، هەموو تیپە بەشداربووەکانیش لە ئاستی لاوانن.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات ئەم خولانەی لە ناوچه‌كه‌ بەڕێوەدەچن هانمان دەدەن حەز و خۆشەویستی زیاترمان بۆ وەرزش هه‌بێت، هانده‌رانیش به‌جۆش و خرۆشه‌وه‌ هانی تیپه‌كانیان ده‌ده‌ن.

ئاماده‌كردنی: نالین عەلی