لە بەر مەترسی بەئامانجگرتنیان.. کۆمپانیا جیهانییەکان گەشتەکانیان لە رێگەی دەریای سوورەوە رادەگرن

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، کۆمپانیای کەشتیەوانی دەریای ناوەڕاستی سویسرا (MSC) و گروپی کەشتیەوانی فەرەنسی (CMA CGM) رایانگەیاند، بەهۆی ئەوەی حوسییەکان کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج، بەکارهێنانی رێڕەوی کەناڵی سوێس لە دەریای سوور رادەگرن.

هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بەردەوامن، بەو پێیەی هەینی رابردوو کەشتیی (MSC Palatium 3) کە ئاڵای لیبریای لەسەر بوو، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە گەرووی باب ئەلمەندب لە بەشی باشووری دەریای سوور، کرایە ئامانج.

کۆمپانیای MSC کە گەورەترین کۆمپانیای کەشتیەوانی کۆنتێنەرە لە جیهاندا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “هیچ راپۆرتێک لەبارەی پێکانی کەشتییەکە نەبووە، بەڵام لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەکەدا هەندێک زیانی بەرکەوتووە و لە کار کەوتووە “.

دوێنێ شەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتی تێکشێنەری مووشەکییان 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە، کە لەلایەن حوسییەکانەوە لە یەمەن لە دەریای سوورەوە ئاراستە کرابوون.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش کۆمپانیای دانیمارکی A.P.Moller-Maersk راگرتنی سەرجەم باری کۆنتێنەرەکانی لە رێگەی گەرووی باب ئەلمەندبەوە تا ئاگادارکردنەوەی دیکە راگەیاند.

گروپی CMA CGM لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “دۆخەکە زیاتر خراپتر دەبێت، نیگەرانییەکانیش سەبارەت بە سەلامەتی لە زیادبووندان”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، “بڕیارماندا رێنمایی دەربکەین بۆ هەموو کەشتییە کۆنتێنەرەکانی سەر بە گروپی CMA CGM کە لە دەریای سووردا ئامادەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ گەشتەکانیان لە ئاوە سەلامەتەکاندا تاوەکو ئاگادارکردنەوەی دیکە بوەستێنن”.

داڕشتنەوەی: ئەڤین یوسف