“مقاوەمەی ئیسلامی” بۆردوومانکردنی چەند بنکەیەکی ئەمریکای لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ شەممە، ئەو میلیشیانەی کە خۆیان بە “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” دەناسێنن رایانگەیاند، کە چەند بنکەیەکی ئەمریکایان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە حەسەکە و لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کردووە.

مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێزەکانی ئەمریکایان، لە بنکەکانی ئەلمالیکیە و کێڵگەی کۆنیکۆیان لە حەسەکە و کێڵگەی نەوتی ئەلعومەریان لە گوندەواری دێرەزوور کردووەتە ئامانج و “بۆردوومانەکان راستەوخۆ ئامانجەکانیان پێکاوە”.

هەمان میلیشیا پێشتر رایگەیاندبوو، کە لە ماوەی یەک رۆژدا 11 بۆردوومانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، بە بەکارهێنانی دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامداوە.

لەوبارەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، لە چەند هەفتەی رابردوودا پەرەسەندنی هێرشەکان دژی سووپای ئەمریکا لە عێراق و سووریا بە رێژەی لەسەدا 43 زیادی کردووە.