دەسگیرکردنی 27 ئەندامی داعش لە کامپی هۆل

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژاڤا 27 ئەندامی شانەکانی داعشیان دەستگیرکرد، ئەویش لە میانی دووەم رۆژی هەڵمەتی “مرۆڤایەتی و ئاسایش” دا هات لە کامپی هۆل لە رۆژهەڵاتی حەسەکە، رۆژئاوای کوردستان.

 لە بەیاننامەیەکی کورتدا، “ئاسایش”، لە روپەڕی فەرمی خۆی لە فەیسبووک، تا ئێستا دەستگیرکردنی 27 ئەندامی شانەکانی داعشی راگەیاندووە، لە کەرتی یەکەمی کامپی هۆل.

 ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەڵمەتی پشکنین لە کەرتی یەکدا بەردەوامە، بۆ گەڕان بە دوای ئەندامانی ڕێکخراوەکەدا.

 لە کاتێکی پێشتری ئەمڕۆشدا، هێزەکان چوار خەندەقیان لە هەمان كەرتدا دۆزیەوە، لە میانی پشكنینەكانیاندا.

 هەڵمەتی “مرۆڤایەتی و ئاسایش” لە کەمپی هۆل دوێنێ پێنجشەممە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی ڕێژەی تاوان لە کەمپەکە زۆر بووە.