فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی عێراق و سووریای كردووە
دیمەشق – نۆرس پرێس
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، ژەنەراڵ مایکل کۆرێلا فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی سووریا و عێراقی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆرێلا سەردانى بنکە سەربازییەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانى لە سوریا کردووە، لەگەڵ فەرماندە سەربازییە ئەمریکییەکان لە سوریا کۆبووەتەوە.
فەرماندەییەکە ڕوونی کردەوە کە مایكڵ کۆرێلا لە سەردانەکەدا بارودۆخ و پاراستنی هێزەکانی هەڵسەنگاندووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریکا سەردانی بنکەی عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری لە هەرێمی كوردستان کردووە.
دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، پێنتاگۆن، ڕایگەیاند لە حەڤدەی تشرینی یەكەمی ڕابردووەوە 97 هێرش كراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریادا.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بنکە ئەمریکییەکان ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرش و بەئامانج گرتن دەبنەوە.