نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێزدییەکان: پاڵپشت و پارێزەری مافەکانتان دەبین
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزباییی بە بۆنەی جەژنی رۆژووی ئێزی بڵاوکردەوە و تیایدا پاڵپشتی خۆی بۆ مافی ئێزدییەکان دووپاتکردەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەێنراوێکدا لە ئاژانسی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردوەتەوە دەڵێ: “جەژنی رۆژووی ئێزی لە میر و جڤاتی رۆحانی و هەموو خوشک و برا ئێزدییەکان لە کوردستان، عێراق و هەر شوێنێکی جیهان پیرۆز دەکەم. هیوادارم جەژنێکی ئارام و پشووەکی خۆش بەسەر ببەن”.
هەروەها جەخت لەوەش دەکاتەوە، “لەم بۆنەیەدا، جارێکی دیکە خوشک و برا ئێزییەکان پشتڕاست دەکەینەوە کە وەکو هەمیشە پاڵپشت و پارێزەری مافەکانیان دەبین. هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی دەڤەرەکانیان ئاوەدان بکرێنەوە و کوردستان بە وڵاتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان بمێنێتەوە”.
جەژنی ئێزی پاش سێ رۆژ لە رۆژووگرتنی هاووڵاتیانی ئێزدی دێت، کە لەو رۆژەدا لە ناوچە جیاجیاکانەوە لە بەیانی زووەوە روو لە گۆڕستانەکان دەکەن، پاشان دەچنە مەزارگەکان و گەردن ئازادی لەیەک دەکەن.