پەیامنێرانی بێسنوور: لە ساڵی 2023دا 45 رۆژنامەوان کوژراون

دیمەشق – نۆرس پرێس

رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ئاماری ساڵانەیدا ئاشکرایان کردووە کە لە ساڵی 2023دا 45 رۆژنامەوان لە کاتی ئەنجامدانی پیشەکەیاندا کوژراون، کە لانیکەم 17یان لە کاتی رووماڵکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ئاماری ساڵانەی هەمان رێکخراو، ژمارەی رۆژنامەوانانی کوژراو بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە، کە پار 61 رۆژنامەوان بوون.

سکرتێری گشتی پەیامنێرانی بێ سنوور، کریستۆف دیلۆیر، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: “ئێمە دابەزینێکی بەردەوام و دوور مەودا تۆمار دەکەین لە چاو ئەو 140 رۆژنامەنووسەی لە ساڵی 2012 و دواتر لە ساڵی 2013دا کوژراون” لە ئەنجامی جەنگ لە سووریا و عێراق بەتایبەتی، “بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەک لە کارەساتی غەززە کەم ناکاتەوە”.

رێکخراوەکە روونیشیکردەوە، ئەم ئامارە تا 1ی ​​کانونی یەکەم “ئەو رۆژنامەنووسانە ناگرێتەوە کە لەدەرەوەی بازنەی ئەرکەکانیان کوژراون، ئەوانەش ناگرێتەوە بە هۆکاری کاری رۆژنامەوانی نەکراونەتە ئامانج، یان ئەوانەی بێسەروشوێنن و تا ئێستا دیار نییە کە لە ژیاندا ماون یان نا”.

پەیامنێرانی بێ سنوور کوژرانی 13 رۆژنامەوانیان “لە لایەن ئیسرائیلەوە” لە غەززە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە تۆمارکردووە، ئەمە جگە لە کوژرانی سێ رۆژئنامەوانی دیکە لە لوبنان و یەکێکی دیکەیان لە ئیسرائیل لە لایەن حەماسەوە.

سەبارەت بە ململانێی ئۆکرانیا دوو رۆژنامەنووس کوژران کە یەکێکیان “ئارمان سۆڵدین” پەیامنێری ئاژانسی فەرەنسا-پرێس بوو.

دەرئەنجامە گشتییەکانی ساڵی 2023 بە “کەمبوونەوەی بەرچاو” لە ژمارەی رۆژنامەنووسانی کوژراو لە ئەمریکای لاتین تایبەتمەندە، کە شەش رۆژنامەنووس کوژراون لە کاتێکدا لە ساڵی 2022دا 26 رۆژنامەنووس کوژرابوون.

لە مەکسیک کە زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدان لە دوای غەززە بەخۆیەوە بینی، لە ساڵی 2023دا چوار رۆژنامەنووس کوژراون، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو 11 کوژرابوون.

 بەڵام ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە بەو مانایە نییە کە ئاسایشی رۆژنامەنووسان باشتر بووە، “وەک ئەوەی سێ رفاندن و هێرشی چەکداری بۆ سەر چوار رۆژنامەنووس لە کۆتایی ساڵی 2023دا دەریدەخەن”.

لە راپۆرتەکەدا ئاشکرایانکردووە، لە کۆی 84 رۆژنامەنووس کە لە جیهاندا بێسەروشوێنن، یەک لەسەر سێیان مەکسیکین.

ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە ساڵی 2022 لە 569 رۆژنامەنووسەوە بۆ 521 ڕۆژنامەنووس لەمساڵدا کەمیکردووە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا و ئێران چەندین جار رۆژنامەنووسانیان خستۆتە زیندانەوە.

داڕشتنەوەی: تەیسر محەممەد