باڵیۆزی ئەمەریکا لە دیمەشق: ئیدارەی بایدن دەستبەرداری هێزەکانی هەسەدە نابێت و بە هاوبەشی خۆی دەزانێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕۆبێرت فۆرد باڵیۆزی ئەمریکا لە دیمەشق ڕایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دەستبەرداری هێزەکانی سوریای دیموکرات نابێت و بە هاوبەشی ئەمەریكای دەزانێت لە سوریا.

ئەمە لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا جارێكی دیكە هەڕەشەی داگیرکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستانی كرد.

ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی، وتی ئیدارەی بایدن بڕیاریداوە هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای كوردستان بهێڵێتەوە، و پێویستی بە هاوبەشێکی ناوخۆیی هەیە لەو ناوچەیە، هاوبەشی ناوخۆیی ئەمریکاش لە سوریا بۆ ماوەی 10 ساڵە هێزەكانی سوریای دیموكرات بووە.

ڕوونیشیکردەوە، ئیدارەی بایدن ئاگاداری نیگەرانی تورکیایە لەگەڵ ئەم هاوبەشییەی هەسەدە، بەڵام کۆشکی سپی لەو بارەوە هەڵوێستی نەگۆڕە.

فۆرد سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی پڕۆژە یاسایەک لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، لەبارەی بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، ڕایگەیاند ئەو پرۆژە یاسایە 13 سیناتۆر دەنگی بەڵێیان بۆ دا، لەكاتێكدا 84 سیناتۆر رەتیان كردەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا پشتیوانی سیاسی بەهێز بۆ ئامادەبوونی سەربازی ئەمریکا هەیە لە سوریا.

داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی