هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرپەرچی چەند مووشەکێکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە دێرەزوور دەداتەوە

دێرەزوور – نۆرس پرێس

سیستەمی بەرگری ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەڵامی هێرشێکی مووشەکی دایەوە، کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە لە رۆژئاوای فوراتەوە ئاراستە کرابوون.

دوای ئەوەی نیوەشەوی چوارشەممە تا پێنجشەممە، بنکەیەکی هاوپەیمانانیان لە گوندەواری دێرەزوور کرایە ئامانج.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە کێڵگەی گازی کۆنیکۆوە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور رایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیویەتی فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و ژمارەیەک مووشەک بخاتە خوارەوە، کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە هەڵدرابوون بۆ بە ئامانجگرتنی ئەو بنکەیە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، نزیکەی پێنج مووشەک لە دەوروبەری کێڵگەی کۆنیکۆدا نیشتوونەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکیان هەبێت.

دوابەدوای بەئامانجگرتنەکە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەڕێکی سەربازییان لە کەناری رووباری فورات لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور ئەنجامدا و هەلیکۆپتەر و فڕۆکە سەربازییەکان تەواوی بەشەکانی رووبارەکەیان پشکنی.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی ئەحمەد عوسمان