“هەسەدە” هەوڵێکی دزەکردنی چەکدارانی سەر بە “ئەسەد”ی لە گوندەواری دێرەزوور پوچەڵکردەوە
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی سەربازی “هەجین”ی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەوڵی دزەکردنی چەکدارانی سەر بە “رژێمی ئەسەد”یان لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا پووچەڵکردەوە.
ناوچەکانی رۆژئاوای رووباری فورات، لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی حکومەت و میلیشیا ئێرانییەکاندان، هەروەها “هەسەدە” و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەری رۆژهەڵاتی رووبارەکەن، بە گوتەی “هەسەدە” پیگەکانیان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە “حکومەتی ئەسەد”ەوە ناوبەناو هێرشیان دەکرێتە سەر.
ئەنجومەنی هەجین کە یەکێکە لە پێکهاتە سەربازییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کوردستانی رۆژئاوا، لە راگەێنراوێکدا گوتیان، هێزەکانیان هەوڵێکی دزەکردنیان لەلایەن چەکدارەکانەوە لە شەوی سێشەممە/چوارشەممە پووچەڵکردەوە، کە بەنیاز بوون هێرش بکەنە سەر بارەگاکەیان لە شارۆچکەی ئەلجەردی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو چەکدارانە “لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی رژێمی سووریا و میلیشیاکانی ئێران لە رۆژئاوای فوراتەوە هاتبوون”.
ئەمڕۆ لە کاتێکی پێستردا، سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی “هەسەدە” رایگەیاند، چەند هێرشێک بارەگا و بازگەکانی سوپای پاسدارانیان کردۆتە ئامانج، کە لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانی گوندەواری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدرابوون.
لە راگەێنراوێکدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەو هێزانە ئۆپەراسیۆنێکی شانەکانیان لە ناوچەی حەویجە لە کەناری رووباری فورات ئەنجامداوە، و “تەقەمەنی و گولـلەی ئارپێجییان دۆزیوەتەوە کە ئەندامانی بەکرێگیراوانی رژێم بەجێیان هێشتبوو”.